الثلاثاء، 13 أكتوبر 2020

ڕۆمانی "خورمای سەر پەنجەکان"ی محسن ئەلڕەملی / هەولێر

 بالكردية

چاپی نوێی ڕۆمانی "خورمای سەر پەنجەکان"ی محسن ئەلڕەملی بڵاوکرایەوە 

ئارام كوشكى

چاپی نوێی رۆمانی "خورمای سەر پەنجەکان"ی محسن ئەلڕەملی بڵاوکرایەوە، کە ڕەنجدەر جەبار کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم رۆمانە یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم نووسەرە عێراقییە و ساڵی ڕابردوو چاپی یەکەمی بڵاوکرایەوە. وەک سەباح هورمز لە وتارێکیدا دەربارەی ئەم ڕۆمانە دەڵێت: (ئەگەر عەلی بەدر سێ ڕۆمانی نووسیبێت، هەریەکەیان گوزارشت لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی عێراق بکەن، کە هەر ڕۆمانێکیان دوو سەد لاپەڕە دەبێت: (بابا سارتەر) مێژووی ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان، (مامۆستایانی وەهم) ساڵانی هەشتاکان، (ژنە کافرەکە) ساڵانی دوای ٢٠٠٣ بگێڕنەوە؛ ئەوا محسن ئەلڕەملی ئەم سێ قۆناغە لە ڕۆمانی "خورمای سەر پەنجەکان" دەگێڕێتەوە. تێمای سەرەکی ئەم ڕۆمانە لە دەوری سێ کارەکتەری سەرەکی دەخولێتەوە، کە سەر بە سێ نەوەی جیاواز و خاوەن سێ ئایدۆلۆجیای جیاواز و سێ دنیابینی جیاوازن، ئەوانیش: باپیر (حاجی موتڵەق) خاوەن کاریزما و سەرۆکی خێڵەکەی خۆیان و خاوەن ئیمانێکی پتەو و کەسایەتیی بەهێز. باوک (نووح)، کە دەبێتە کوڕی موتڵەق و لە دێیەکەی خۆیان کەسایەتیییەکی بێئەندازە گوێڕایەڵ بۆ باوکی و ئیماندار، بەڵام لە ئەوروپا ڕوویەکی نوێ لە کەسایەتیی دەردەکەوێت، کە خاوەن کەسایەتییەکی سەرکێش و یاخی و لێوانلێو لە حەزی بۆ ئافرەت و مەیخواردنەوە و گاڵتەوگەپ و خۆشنوودی. هەروەها کەسایەتی سێیەم کوڕ (سەلیم)، کە خودی چیرۆکخوانی ڕۆمانەکەیە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و خۆپارێز و دوور لە کێشە. چیرۆکی ڕۆمانەکە لەسەر ئەو لەیەکچوون و جیاکارییانە بنیاد نراوە، کە لە نێوان ئەو سێ کارەکتەرە لە لایەک و هەر کارەکتەرێک لەگەڵ خۆیدا، یان لەگەڵ کەسایەتییە دژبەرەکەی لە ناخی خۆیدا لە لایەکی تر هەڵی گرتووە. تاکە شتێک هەموو ئەم کەسایەتییە جیاواز و لەیەکچووانە کۆدەکاتەوە ئەویش خورمایە؛ وەک هێمایەک بۆ خاک، بۆ نیشتیمان، بۆ ئەو خەونەی لە ناوکەکانیدا ژیان بە چەندین شێوە تێیدا بەرجەستە بووە، کە لە کاتی خوێندنەوەیدا، خوێنەر پەی بەو مێژووەی خورما و نهێنییەکانی لە نێو ئەم خێزانەدا دەبات. نووسەر دەیەوێت لەوڵاتێکدا کە مێژووەکەی تژییە لە شەڕ و یەکتر قەبوڵ نەکردن تێمەیەکی گرنگی وەکو لێبوردەیی و تۆڵە بخاتە بەرباس.

محسن ئەلڕەملی نووسەر و وەرگێڕێکی عێراقییە و لە ئیسپانیا دەژی. جگە لە چەند کتێبێکی شیعری و چەند شانۆگەرییەک و چەندین بەرهەمی وەرگێڕان لە ئیسپانی و عەرەبییەوە، خاوەنی شەش ڕۆمانە، کە تا ئێستا پێنج دانەیان کراون بە کوردی. ڕۆمانی خورمای سەر پەنجەکان دووەمین ڕۆمانی محسن ئەلڕەملییە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاو کراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٩ وەرگێڕ (ڕەنجدەر جەبار) کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. لەم رۆژانەشدا چاپی دووەمی ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی (باخچەکانی سەرۆک)ی هەمان نووسەر، کە ئەویش وەرگێڕی ناوبراو کردوویەتی بە کوردی، بڵاو کرایەوە.

------------------------------------------------

*هەولێر /تشرینی یەکەم 13, 2020

https://es.calameo.com/read/005862252491401835efc 

https://www.hawler.in/index.php/2017-12-28-23-19-07/item/25916-2020-10-13-03-50-07 

ليست هناك تعليقات: