السبت، 10 أكتوبر 2020

" باخچەکانی سەرۆک"ی نووسەری عێراقی محسن ئەلڕەملی / هەولێر

 بالكردية

باخچەکانی سەرۆک، ڕۆمانێک لە هەناوی کارەساتەکانەوە 

ئارام كوشكى

بڕیارە هەفتەی ئاییندە چاپێکی نوێی ڕۆمانی "باخچەکانی سەرۆک"ی نووسەری عێراقی محسن ئەلڕەملی لەلایەن ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ڕۆمانی (باخچەکانی سەرۆک) سێیەمین ڕۆمانی محسن ئەلڕەملییە، کە ساڵی ٢٠١٢ چاپ کراوە و لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ساڵی ٢٠١٣ بەربژێری لیستی درێژی خەڵاتی بوکەر بۆ ڕۆمانی عەربی بووە. ئەم ڕۆمانە لەلایەن ڕەنجدەر جەبار کراوە بە کوردی و ساڵی ٢٠١٨ خانەی چاپ و پەخشی چوارچرا چاپی کردووە و هەفتەی ئایندەش چاپی نوێی بڵاودەکرێتەوە.

ڕەنگە هیچ دەقێک هێندەی ڕۆمانی مێژوویی ورد نەبێت لە پێکانی ئامانجەکانی و هیچ دەقێک هێندەی ئەم ژانرەی ئەدەب لە لایەن وەرگرەوە هەستی پێنەکرێت. دەقی مێژوویی ڕووداوگەلێکی ساردوسڕ و بێگیانمان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵام ڕۆمانی مێژوویی دەچێتە وردەکاری ژیانی مرۆڤەکان و مێژوویەکی زیندوومان پێشکەش دەکات، مێژوویەک تێیدا مرۆڤ تەوەری باس بێت، نەک هێز و پیلان و پلانە سیاسییەکان و چەک و پارە و ژمارە بێگیانەکان. هەروەک لە ڕۆمانی باخچەکانی سەرۆکدا نووسەر ڕەتی دەکاتەوە قوربانییەکانی جەنگەکان تەنها ژمارە بن، بەڵکو هەریەکێک لەوانە خاوەنی ژیان و خێزان و هاوڕێ و خەون و ئامانج و دنیابینی تایبەت بە خۆیانن. نووسەر لە شوێنێکی ڕۆمانەکەدا دەڵێت: (خۆ ئەگەر هەر کوژراوێک کتێبێک بوایە، ئەوا عێراق دەبووە کتێبخانەیەکی گەورە، کە تەنانەت پۆلێن کردنیشی ئەستەم دەبوو).
ئەم ڕۆمانە مێژووییە باس لە خەمبارترین قۆناغەکانی ڕابردووی وڵات دەکات، هەتا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا دەڵێت: (لە وڵاتێکدا کە مۆزی تێدا نییە، سەرلەبەیانییەک خەڵکی ئاوایی بە بینینی نۆ پاکەت مۆز بەئاگا هاتن، لە ناو هەر یەکێکیاندا کەللە سەری یەکێک لە خەڵکی گوندەکەی تێدابوو.). مۆز ئەو میوە نامۆیەی کە نەوەکانی پێشتر ڕەنگە ژمارەیەکی زۆریان هەر تامیشیان نەکردبێت، بەڵام پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ ئەم میوەیە بە بڕێکی زۆر هاوردەی وڵات کرا. لێرەدا نووسەر ئەو ڕووداوە نامۆیانە و ئەو دەستە و تاقمە دەرەکییانە و ئەو هزرە نامۆیانەی پاش ڕووخانی ڕژێم هاتنە ناو وڵاتەوە لەگەڵ ئەم میوە نامۆیە گرێ دەدات. تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە لە دەوری سێ کەسایەتی دەخولێتەوە، کە لە لادێیەک و لە سێ مانگی یەک لەدوای یەک لەدایک بوون و پێکەوە تووشی سورێژە بوون، پێکەوە چاکبوونەوە. پێکەوە پێیان گرت پێکەوە فێری مەلەوانی و ڕاوە چۆکەلە و کۆتربازی بوون. پێکەوە فێری کاڵەک و هەنار دزین و یاری تۆپی پێ و بازی بەرز و نیشانشکێنی بوون. پێکەوە چوونە قوتابخانە و هەمیشە لەکاتی دەستدرێژی قوتابییەکانی تر بۆ سەریان بەرگرییان لەیەکتری دەکرد. لەکاتی تاقیکردنەوەکان لە کێڵگە، یان لە ژووری یەکێکیان بە شەوان کۆششیان دەکرد؛ ئەوانیش عەبدوڵای کافکا و ئیبراهیمی قسمەت و تارقی سەرسام بوون.
هیچ شتێک نەیدەتوانی ئەم سێ هاوڕێیە لەیەکتر جیا بکاتەوە تاریکی نەبێت، ئەو کاتانەی دنیا تاریک دادەهات و هەریەکەیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان، دواتریش تاریکییەکانی دیکە، کە باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، توانی ئەم سێ هاوڕێیە لەیەکتر جیا بکاتەوە. کاتێک جەنگی ئێران-عێراق دەست پێدەکات، عەبدوڵا و ئیبراهیم دەبرێن بۆ خزمەتی سەربازی و تارق بەهۆی خوێندنی لە پەیمانگای ئیسلامی لەم سەربازییە ڕزگاری دەبێت. لەو جەنگەدا عەبدوڵا بۆ ماوەی بیست ساڵ دیل دەکرێت و لە ئێران توندترین ئەشکەنجە و خراپترین فۆرمەکانی دڕندەیی مرۆڤ بە چاوەکانی خۆی دەبینێت. ئیبراهیمیش پێش ئەوەی ماندووێتی ئەو جەنگە لە گیانی دەربچێت و لە پاش جەنگی کەنداو بە یەک پێوە دەگەڕێتەوە بۆ لای خێزانەکەی. ئاخر مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە بە پێیەکی بڕاو، یان بە سەرێکی بڕاو، یان بە تەرمێکی شێوێندراو دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان. ئەو کەسانەشی برینێک بە لەشیانەوە نەبێت، بێگومان بە ڕۆحێکی بریندارەوە دەگەڕێنەوە.
گێڕانەوەکانی ئەلڕەملی، حیکایەتگەلێکن کە لە هەناوی کارەساتەکانی عێراقەوە هاتوونەتە دەرەوە و ئەم رۆمانەشی چەشنی ڕۆمانەکانی دیکە تژییە لە چیرۆکی تراژیدی و نەوە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق.

------------------------------------

*هەولێر/تشرینی یەکەم 06, 2020

https://es.calameo.com/read/005862252fa4174fb12cc

https://www.hawler.in/index.php/2017-12-28-23-19-07/item/25799-2020-10-06-21-05-51

ليست هناك تعليقات: