الثلاثاء، 1 سبتمبر 2020

ئەدەبی کوردی / موحسن ئەلڕەملی / ڕەنجدەر جەبار KNA كوردي

 ئەدەبی کوردی و ڕێگرییەکانی بەردەم بەجیهانیبوونی لە ڕوانگەی موحسن ئەلڕەملییەوە

 

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ڕەنجدەر جەبار

((هەمیشە و لە هەموو سەردەمێکدا مەرگ کوردەکان قامچیکاری دەکات، بەڵام چیا و قەدپاڵە سەوزەکانیان و ئاوە سازگارەکانیان ژیان و میهرەبانی و گوڵ و سەرسەختییان پێدەبەخشن)). ئەمە دێڕێکە لە ڕۆمانی "دێڵەگورگی خۆشەویستی و کتێب"ی نووسەر و ڕۆماننوسی عێراقی موحسن ئەلڕەملی. لەگەڵ ئەوەی ڕەملی وەک نووسەرێکی عەرەب هەمیشە لە کارەکانیدا کورد ئامادەیی هەبووە و کەسێکە دۆستی کوردە و وەک خۆی دەڵێت لە ناوچەیەک هاتووەتە دونیاوە و گەورە بووە، خەڵکەکەی لەگەڵ کورد دراوسێن و لە ڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵاون، بەڵام ئەوەی لەم پیاوەدا بۆ من سەرنجڕاکێشە، نزیکبوونی، یان ئەو ڕوانگە ئەرێنییەی نییە بەرامبەر بە کورد، هێندەی نزیکبوونییەتی لە ڕۆحی مرۆڤ و لە هەستی خوێنەرەکانی و ئەو ڕاستگۆییەی لە بەرهەمەکانیدا هەستی پێدەکرێت.

ڕەملی ناوێکی دیار و قەڵەمێکی بە بڕشتی ناو دنیای ئەدەبیاتی عەرەبی و ئیسپانییە و زۆربەی ڕۆمانەکانی بۆ کوردی وەرگێڕدراون و زۆرێک لە خوێنەرانی کورد، هاوشێوەی خوێنەرانی زمانەکانی دیکە بەتاسەوە چاوەڕێی بەرهەمە نوێیەکانی دەکەن. هەریەکە لە ڕۆمانەکانی "وردوخاشی پەرتەوازە" و "خورمای سەرپەنجەکان" و "باخچەکانی سەرۆک" و "منداڵ و پێڵاوەکان" لەلایەن بەندەوە کراون بە کوردی و هەریەک لە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاویان کردوونەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپی دووەمی هەریەکە لە "باخچەکانی سەرۆک" و "خورمای سەر پەنجەکان" دەخاتە بەر دیدەی خوێنەران. جێی ئاماژەیە ڕۆمانی "باخچەکانی سەرۆک" پێشتر لەلایەن وەرگێڕ فەیسەڵ هەمەوەندی و ڕۆمانی "دێڵەگورگی خۆشەویستی و کتێب" لەلایەن شێرزاد هەینی کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە.

ڕۆژنامەنووسی توونسی (بوسەینە عەبدولعەزیز غەریبی) لەگەڵ نووسەر موحسن ئەلڕەملی دیدارێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕۆژنامەی (عربي ٢١) ئەنجام داوە، کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە هەڵوەستەکردنە لەسەر ئەدەبی کوردی و کێشەکانی بەردەم بەجیهانیبوون و نەناسینی لەلایەن خوێنەرانی عەرەب و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی نووسەر بۆ ئەم زمانە. وەک لە دەستپێکی نووسینیدا ڕۆژنامەنووسی ناوبراو دەڵێت: (لە کاتێکدا وەرگێڕان ئامرازێکە بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و مەعریفی لە نێوان گەلاندا، ئاخۆ دەکرێت ببێتە ڕێگر و زیندان بۆ هەندێک لە کولتوورەکان، کە لە چارەی نووسراوە سنوورە جوگرافییەکەی خۆی تێنەپەڕێنێت؟ کاتێک سەرقاڵی ئامادەکاری بووم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ موحسن ئەلڕەملی سەبارەت بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی، ئەم پرسیارە بە خەیاڵمدا هات.). (غەریبی) دەڵێت: هەرچەندە دەزانم وەرگێڕان لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی لەم ساڵانەی دوایی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە، بەڵام وەرگێڕانی پێچەوانە هێشتا زۆر کەمە، ئەگەر نەڵێین هەر بوونی نییە. ئەمەش وای کردووە عەرەب بە ئەدەبی کوردی ئاشنا نەبن. پرسیاری وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی یەکێك دەبێت لەو تەوەرانەی لەگەڵ ڕەملیدا دەیخەینە بەر باس.

ڕەملی لەگەڵ ئەوەی ئەدیب و شاعیرە و لە نێوان هەردوو زمانی عەرەبی و ئیسپانی کاری وەرگێڕان دەکات و چەندین بەرهەمی وەرگێڕانی هەیە، سەبارەت بە وەرگێڕان بەمجۆرە وەڵامی ڕۆژنامەنووسەکە دەداتەوە. کاتێك بوسەینە دەپرسێت: (وەرگێڕان زانستە، یان هونەرە؟) موحسن دەڵێت: (بە بۆچوونی من وەرگێڕان هونەرە. هەرچەندە هەندێک بە زانست ناوی دەبەن، بەڵام هەمیشە وەرگێڕان بە ستایل و ڕۆشنبیری و سەلیقە و هەستیاری وەرگێڕەکەی کاریگەر دەبێت. ئەگەر زانست بوایە، ئەوا وەرگێڕانی دەقێک لەلایەن چەند وەرگێڕێکی جیاوازەوە هەمان ئەنجامی بەدەستەوە دەدا.). لە پرسیارێکی دیکەی سەبارەت بە وەرگێڕان بوسەینە دەپرسێت: (تۆ لە یەک کاتدا کاری وەرگێڕان و نووسینی ئەدەبی دەکەیت. هەر یەکێک لەم دوو بوارە چۆن خزمەت بەویتر دەکات؟) موحسن دەڵێت: (من هەردووکیان وەک یەک بوار دەبینم، ئەوەش بەوپێیەی سەرەنجام هەردووکیان (نووسینی ئەدەبین). لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکەیان شایستەی ئەوەیە مرۆڤ ژیانی خۆیی بۆ تەرخان بکات. سەبارەت بە کەسێک لە هەردوو بوارەکەدا کار بکات، بێگومان دەبێت یەکێکیان بکات بە قوربانی ئەویتر. سەبارەت بە من، بە گوێرەی ئەولەویەتی خۆم کاریان لەسەر دەکەم، بێگومان ئەولەویەت لای من پرۆژەی نووسینە و زۆربەی کات و تواناکانمی بۆ تەرخان دەکەم و وەرگێڕان بە لای منەوە لە پلەی دووەمدا دێت. هەرچەندە پێم وایە وەرگێڕان کارێکی بەڕێز و گرنگ و مەزن و جوانە. هیوادارم کاتی زیاترم هەبێت بۆ وەرگێڕانی زۆر بەرهەم، کە سەرنجیان ڕاکێشاوم، پێم خۆشە بکەوێتە بەر دیدەی خوێنەری عەرەب. سەرەڕای ئەوەش هەمیشە دەرفەتێک دەڕەخسێنم بۆ وەرگێڕانی کارێک. ئێـمەی نووسەران لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە زۆر شت فێر دەبین.). لە میانی پرسیارێک سەبارەت بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ کوردی، بوسەینە دەپرسێت: (هەموو ڕۆمانەکانت بۆ کوردی وەرگێڕدراون. یەکەم؛ ئەم وەرگێڕانانە چ هێمایەکی تێدایە بە لای تۆوە؟ دووەم؛ تۆ چۆن لەو پەیوەندییە دەڕوانیت لە نێوان ئەدەبێک بە کوردی نووسرابێت لەگەڵ ئەدەبێک بە عەرەبی نووسرابێت؟). موحسن دەڵێت: (بێگومان دڵخۆشییەکی تایبەتم هەیە سەبارەت بە وەرگێڕانی کارەکانم بۆ کوردی. بەمجۆرە لە بەردەستی تەواوی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەم دەبێت، بە هەردوو زمانە سەرەکییەکەیەوە عەرەبی و کوردی، بەتایبەت، چونکە ڕۆمانەکانم دەست دەبەن بۆ ئەو مەسەلانەی پێکەوە گیرۆدەی بووین و تێیدا ژیاوین. هەروەها کوردەکان پێشتر و ئێستاش بەشێکن لە پێکهاتەی من، بەو پێیەی لە گوندێک لەدایک بووم و پێگەیشتم دراوسێ بووین لەگەڵیان و خەڵکەکەی لە ڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵمان تێکەڵاو بوون، هەروەها بەشێک لە خێزانەکەم لە کورستان دەژین و زۆربەی ساڵانی خزمەتی سەربازیم لەوێ بەسەر بردووە و هاوڕێ و یادگاری زۆرم لەگەڵیان هەیە، هەر بۆیە لە زۆربەی کارەکانمدا هێما و شوێن و کەسایەتی کوردی تێدایە. سەبارەت بە هەردوو ئەدەب، پێم وایە لە ڕووی زمانەوە نەبێت، زۆر لە یەکتر جیاواز نین. سەرەڕای ئەمانەش کەمتەرخەمییەکی زۆر هەیە لە وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بۆ عەرەبی و ناساندنی. ڕۆشنبیر و خوێنەرانی کورد بەباشی ئەدەبی عەرەبی دەناسن، بەڵام عەرەبەکان لە ئەدەبی کوردی بێئاگان. بۆیە پێویستە ڕێگە و پرۆژەی جیددی بۆ وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بخرێتە سەرپێ، چونکە ئەدەب باشترین ئامرازە بۆ ناساندنی گەلان بە یەکتر و زیاتر نزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە یەکتر.). سەبارەت بە وەرگێڕانی دوابەرهەمی بۆ کوردی بوسەینە دەپرسێت: (ئایا نوێترین ڕۆمانت دەکرێت بە کوردی؟) موحسن دەڵێت: (نوێترین دەقم چاوەڕێی وەرگێڕانی بم ڕۆمانی "بنت دجلة"یە، کە ئێستا دەزگا کوردییەکە لەگەڵ دەزگا بڵاوکارە ئینگلیزییەکە لە پەیوەندیدایە سەبارەت بە وەرگرتنی مافی لەچاپدانی.). هەر لە بواری وەرگێڕاندا بوسەینە دەپرسێت: (ئەگەر کتێبێک پێت خۆش بێت بکرێت بە کوردی، تۆ چ کتێبێک هەڵدەبژێریت؟) موحسن دەڵێت: (کتێبی "طوق الحامة"ی ئیبن حەزمی ئەندەلووسی هەڵدەبژێرم، چونکە دەربارەی خۆشەویستی یەکەمین و جوانترین کتێبە و خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە لە هەموو کات و شوێنێکدا هانی خۆشەویستی دەدات.). 

لەو گفتوگۆیەدا ڕۆژنامەنووسەکە لەسەر چەند تەوەرێکی دیکە نووسەر دەدوێنێت، سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ خوێنەران و کتێبخانەکان و دۆخی کتێب لە سەردەمی کۆرۆنادا. بوسەینە دەپرسێت: (چۆن لە پەیوەندیت لەگەڵ خوێنەران دەڕوانیت، لە کاتێکدا تۆ لەوان دووریت و لە مەدرید دەژیت؟). موحسن دەڵێت: (پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ خوێنەرانی عێراقی هەیە. ئاخر هەرچەندە من ساڵانێکی دوورە لە دەرەوەی عێراق دەژیم، بەڵام بۆ یەک ڕۆژیش لە ڕووی کولتوور و سۆز و هۆشیارییەوە لێی دانەبڕاوم. هەر شتێکم نووسیبێت، هەمیشە عێراق گەورەترین و بەهێزترین ئامادەیی تێدا هەبووە. ڕۆژانە پەیوەندیم لەگەڵ خوێنەرانی عێراق بە جیاوازی تەمەنیان و شار مەزهەب و نەتەوەکانیانەوە هەیە. ئەم پەیوەندییە تەنها لەوەی کەمە دیداری کەسی و ڕووبەڕووم لەگەڵیان هەبێت، کە دۆخی ناسەقامگیری عێراق ڕێگرە لەوە.). بوسەینە سەبارەت بە ناوی کتێبخانەیەک دەپرسێت: (بەم دواییانە لە عێراق کتێبخانەیەک بە ناوی خۆت و یەکێکی دی بە ناوی یەکێک لە ڕۆمانەکانت کرایەوە. ئەمە چ مانایەک دەبەخشێت؟). موحسن دەڵێت: (ئەمە بەڵگەیەکی دیکەیە وەک ئەوەی پێشتر باسم کرد سەبارەت بە توندوتۆڵی پەیوەندیم لەگەڵ خوێنەرە عێراقییەکان. ئەوانەی ئەم کتێبخانانەیان دامەزراندووە، لە بنەڕەتدا خوێنەرن، لەو گەنجە نایابانەی ئەمڕۆی عێراقن. هەر بۆ زانیاریت من نایانناسم و ڕووبەڕوو دیدارم لەگەڵیان نەبووە. کاتێک پەیوەندییان پێوە کردووم، داوای ڕەزامەندییان کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوم. بێگومان ئەمەش زۆر دڵخۆشی کردووم و بۆ من زۆر شت دەگەیەنێت. وەک چۆن ئەوان شانازی بە خۆم و کارەکانمەوە دەکەن، منیش هەمانجۆر شانازییان پێوە دەکەم. ئێمە لە عێراق لە تەواوی بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەردا وزەیەکی گەنجانە و داهێنەرانەی بێوێنەمان هەیە. بە بۆچوونی من ئەوان ئێستا تاکە هێز و تاکە ئومێدی عێراقن بۆ دەرچوون لەم وێرانەیەی هێزی لێ بڕیووە.). سەبارەت بە دۆخی کتێب بوسەینە دەپرسێت: (ئایا پێت وایە کتێبی عەرەبی بەبێ زیان لە قەیرانی کۆرۆنا دەربازی بووە، یان پێچەوانەکەی ڕاستە؟). موحسن دەڵێت: (هێشتا زووە بۆ هەڵسانگاندنی ئەم بوارە لە هەموو جیهاندا. هێشتا کۆرۆنا تەواو نەبووە و نازانین چەندی لەگەڵمان درێژە دەکێشێت، بەڵام وەک هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەمووان لە ڕووی ماددییەوە زیانیان پێگەیشتووە، ئەوەش بە هۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی کتێبخانەکان و تێکچوونی هۆیەکانی گواستنەوە و ڕاگرتنی پێشانگاکانی کتێب. لە بەرامبەر هەموو ئەمانەشدا گرنگیپێدانی کتێب و خوێندنەوە زیادی کردووە. هەر ئەمەشە دەکرێت ببێتە ئومێدێک بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانە و گۆڕینی بۆ قازانج. لەگەڵ کۆتاییپێهاتنی قەیرانی کۆرۆنا، کە هەمووان لە ڕوانگەی ژیانی کەسی و کردارییەوە شتێکی لێوە فێر بوون، دواتر کاریگەری ئەم قەیرانە لەسەر سروشتی بەرهەمهێنانی کتێب لە ڕووی چەندایەتی و جۆرایەتی و ڕکابەری و ئامرازی گەیاندنی بە خوێنەر دەبینین.)

-------------------------

*نشرت في (KNA) الكوردية بتاريخ 1/9/2020م


ليست هناك تعليقات: