الخميس، 28 نوفمبر 2019

موحسین ئەلڕەملی / كولتوور/رووداو/ كوردستان


 موحسین ئەلڕەملی: ئەو نامانەی لە خوێنەرە کوردەکانمەوە پێمدەگەن زۆر دڵخۆشم دەکەن 

25-11-2019  |  171 ژمارەی بینین
ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری رووداو

ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، بەردەوام بە دوای رێگەی نوێ و پرسیاری نوێشەوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بەدوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم روئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.

ئەم هەوڵەی ئێمەش لێرەدا، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بەتایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.

لە بیستوسێهەمین گفتوگۆماندا، موحسین ئەلڕەملی، نووسەر و رۆماننووسی عێراقی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

موحسین ئەلڕەملی، رۆماننووس و ئەکادیمیست و شاعیرێکی ناوداری عێراقییە و ساڵی 1967 لە شارۆچکەی شەرگات لە پارێزگای نەینەوا لەدایکبووە و ئێستا لە ئیسپانیا نیشتەجێیە. زیاتر لە 55 کتێبی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئیسپانی نووسیون کە 17 یان رۆمانن. تا ئێستا رۆمانەکانی "دێڵه‌گورگی خۆشه‌ویستی و كتێب، وردوخاش و په‌رته‌وازە‌، باخچه‌كانی سه‌رۆك و خورمای په‌نجه‌كان"ی کراون بە کوردی و بڵاوکراونەتەوە.

رووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟

موحسین ئەلڕەملی: رۆمانی (وادەیەک لەگەڵ براکەم) کە نووسەری کۆری لی مون یول نووسیویەتی.

رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕیبێت؟

موحسین ئەلڕەملی: هەموو کتێبێکی نوێ کە دەیخوێنمەوە، نەک تەنیا یەک کتێب.

رووداو: کتێبێک کە حەزت دەکرد تۆ بتنووسیبا؟

موحسین ئەلڕەملی: کتێبی گۆرانییەکان، ئەبی فەرەج ئەسفەهانی نووسیویەتی.

رووداو: کتێبێک کاریگەریی لەسەر ستایلی نووسینت کردبێت؟

موحسین ئەلڕەملی: دۆنکیشۆتی سێرڤانتس.

رووداو: کتێبێک تۆی گریاندبێت؟

موحسین ئەلڕەملی: باخچەکانی سەرۆک کە خۆم نووسیومە.

رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟

موحسین ئەلڕەملی: کتێبی "خۆشەویستی"ی حسێن موتڵەک.

***
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردبوو وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.

رووداو: چاکە لای تۆ چییە؟

موحسین ئەلڕەملی: ئەوەیە کە ئازاری کەس نەدەیت.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟

موحسین ئەلڕەملی: راستگۆیی و بەخشندەیی و نەرمونیانی.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟

موحسین ئەلڕەملی: خۆڕاگری و سۆز و دەنگی نەرم.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی هاوڕێکانت کامانەن؟

موحسین ئەلڕەملی: لێم تێدەگەن و لێبووردەن لەگەڵم.

رووداو: حەزت لە چییە؟

موحسین ئەلڕەملی: حەزم لەوەیە هەرچی کتێب هەیە بیانخوێنمەوە.

رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟

موحسین ئەلڕەملی: ئەوەی کە فەرمان بە ئاشتی بدات بەبێ ئەوەی زیان بە هیچ کەسێک بگەیەنێت.

رووداو: گەورەترین چارەڕەشی لای تۆ کامەیە؟

موحسین ئەلڕەملی: ئازار و مردن.

رووداو: حەز دەکەی لەکوێ بژیت؟

موحسین ئەلڕەملی: مەدرید، ئێستا لەوێ دەژیم.

رووداو: رەنگ و گوڵی دڵخوازت کامانەن؟

موحسین ئەلڕەملی: رەنگی شینی ئاسمانی، گوڵی گوڵەبەڕۆژە.

رووداو: باشترین رۆمان لای تۆ کامەیە؟

موحسین ئەلڕەملی: رۆمانی (دابادا)ی حەسن موتڵەکی برام.

رووداو: شاعیری دڵخوازت کامەیە؟

موحسین ئەلڕەملی: شاعیری رووسی یەسەنین.

رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

موحسین ئەلڕەملی: دۆنکیشۆت.

رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

موحسین ئەلڕەملی: شەهرەزاد لە هەزار و یەک شەوە.

رووداو: مۆسیقارە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

موحسین ئەلڕەملی: مۆزارت و بەلیغ حەمدی.

رووداو: ئەی دەربارەی نیگارکێشەکان؟

موحسین ئەلڕەملی: خوان پیرۆی ئیسپانی.

رووداو: زیاد لە هەر شت ڕقت لە چییە؟

موحسین ئەلڕەملی: توندوتیژی.

رووداو: دەتەوێت چۆن بمریت؟

موحسین ئەلڕەملی: مردنێکی سرووشتی، بە ئاشتی، بەبێ ئازار و رووداو. لەسەر جێگە و لەناو خێزانەکەم.

رووداو: ئێستا دۆخی رۆحیت چۆنە؟

موحسین ئەلڕەملی: لەگەڵ خۆمدا ئاشتم و پلە و پۆست و پارەی زیادەم لا گرنگ نییە.

رووداو: دروشمی تۆ چییە؟

موحسین ئەلڕەملی: هەرچییەک دەکەیت بیکە بە مەرجێک کەس ئازار نەدەیت.

رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە سەرەتای سەرەتاکان، هەر دەتەوێت ببیتەوە بە نووسەر؟

موحسین ئەلڕەملی: بەڵێ.

رووداو: سێ رۆمانی ئێوە کراون بە کوردی و بڵاوکراونەتەوە، هەستت چۆنە؟

موحسین ئەلڕەملی: ئەو نامانەی لە خوێنەرە کوردەکانمەوە پێمدەگەن، بەڕاستی زۆر بەلامەوە سەرنجڕاکێشن و زۆر دڵخۆشم پێیان، هەموو جارێک دەڵێم وەرگێڕانی کارەکانم بۆ کوردی زیاتر دڵخۆشم دەکات وەک لە وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانەکانی تر، یەکەمین چیرۆکم کە وەرگێڕدرا، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرا، ئەوە یەکەم ئەزموونی وەرگێڕانی دەقی من بوو، زۆر چێژم لێبینی، ئەو حەزەی ئێستاش هەمە بۆ زمانی کوردی درێژکراوەی هەمان ئەو چێژەیە کە لە وەرگێڕانی یەکەم چیرۆکمدا تا ئێستاش ماوەتەوە.

من زۆر بایەخ بە ئەدەبی کوردی دەدەم و دەیخوێنمەوە، کەمێک کوردیشم دەزانی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دابڕانم لە عێراق بیرم چووەتەوە، ئاواتەخوازم ئەدەبی کوردی بە شێوەیەکی فراوانتر وەربگێڕدرێتە سەر زمانی عەرەبی، چونکە زۆر کەمی لێ وەرگێڕدراوە.

ليست هناك تعليقات: